کۆچی حەسەن زیرەکی نەمر 48 ساڵی تێپەڕاند
Jun 28, 2020
کۆچی حەسەن زیرەکی نەمر 48 ساڵی تێپەڕاند
کوردەواری؛ 48 ساڵ تێپەڕدەبێت بەسەر یادی کۆچی دوایی هونەرمەندی مەزنی کورد حەسەن زیرەک، کە لە ماوەی کەمی تەمەنیدا توانی خەرمانێکی گەورەی گۆرانی رەسەن پێشکەش بە مێژووی کورد بکات.
حەسەن زیرەک، لە 29ی تشرینی دوەمی 1921 لە بۆکان لەدایکبوە، لە ماوەی تەمەنیدا توانیویەتی زۆرترین گۆرانی پێشکەش بە گەنجینەی هونەری کوردی بکات و گۆرانیشی جگە لە زمانی کوردی بە زمانەکانی تورکی و فارسی چڕیوە.
حەسەن زیرەک، لە 26ی حوزەیرانی 1972 لە بۆکان بەنەخۆشی کۆچی دوایکردوە و هەرلەوێش نێژراوە و هەموو کوردێک کاتێک دەچێتە کوردستانی ئێران و سەردانی بۆکان دەکەن، ئەستەمە نەچنە سەر گۆڕی ئەو هونەرمەندە گەورەی کورد و وێنەی یادگاری لێ نەگرن. لە ماوەی ژیانی ھونەری، حەسەن زیرەک دەربەدەری زۆری چێشتوە. ماوەیەک لە شارەکانی ئێران و ماوەیەک لە عێراق. لە ڕۆژانی دەستپێکی ژیانی لە باشوری کوردستان لە شاری سلێمانی کاریدەکرد.
ڕۆژێک بەدەم کارەوە لەژێر لێودا گۆرانی دەخوێنێت، ئەو گۆرانییە و دەنگی زیرەک ھەستی ڕێبوارێک دەبزوێنێ و ئەو ڕێبوارە دەبێتە ھۆی گۆڕانکاری لە ژیانی زیرەکدا و ڕێگەی بۆ دەکاتەوە بڕواتە ڕادیۆی بەغداد. لە ساڵی 1958 گەڕاوەتەوە بۆ ئێران، لەوێ چوەتە ڕادیۆی تاران، ھەر لەو ساڵەدا لە ڕادیۆی تاران لەگەڵ میدیا زەندی ئاشنا دەبێت و پێکەوە ژیانی ھاوبەش پێک دێنن کە ئاکامی ئەو ژیانە دو منداڵ بە ناوەکانی (مەھتاب) و (ئارەزوو) دەبێ.
پاشان حەسەن زیرەک ماڵەکەی دەباتە شاری بانە و لەوێ لە «کانی مەلا ئەحمەد» چایخانەیەک دادەمەزرێنێ، دیارە شان بە شانی ئەو کارەش لە گۆرانی وتن و کاری ھونەری ناوەستێ و لە بەزم و شادی خەڵکدا بەشداریدەکات و بە بۆنەی جۆراوجۆرەوە گۆرانی تۆمار دەکات. پاشان دەچێتە شاری مەھاباد و لە دواکاتەکانی ژیانیشیدا دەچێتە شاری شنۆ. لە شاری شنۆ بە کار و کاسبی ژیان تێپەڕدەکات.
لە ساڵانی 1960 – 1961 لە شاری سلێمانی لە تیپی «شانۆی ھونەرەجوانەکان» لەگەڵ «سێوەخان» و «ڕەشۆڵ عەبدوڵڵا» لە شانۆکای «بوکی ژێر دەواری ڕەش» و «خەسو یان ئەژدیھا» و «تەڕپیر» بەشداریکردوە.
لە نێوان ساڵانی 1967– 1968 لە شاری سەقز ھۆتێلی سێ ئەستێرەی ھەبووە کە بۆ خۆی لەوێ گۆرانی وتووە.
چاپکردن هەواڵ
Related News
Kurdewari Logo