کۆنگرەی ناودارانی کورد بە ڕاستی خوێندنەوەیەکی جوانە بۆ کەسایەتییە کوردەکانمان کە وا هەست بە بوونی خۆیان بکەن لە ناو ئەم کونگرەیەدا، هەست بە ڕەنگدانەوەی خۆیان بکەن لە ناو ئەو کۆمەڵگایەدا کە هەیانە و ناوێکیان هەیە لە ناو کۆمەڵگاکەدا.
کوردەواری:
سڵاو و ڕێز. بە خێر بێن بۆ سنە و بۆ کونگرەی ناودارانی کورد. مامۆستا
پێم خۆشە سەرەتا ڕای خۆتان سەبارەت بەم کونگرە دەرببڕن؟
ئەنوەر قەرەداغی: سڵاو.
پێش هەموو شتێک دەستخۆشیی خۆم ئەکەم لە هەڵسووڕێنەرانی ئەم کونگرەیە، بە ڕاستی
خوێندنەوەیەکی جوانە بۆ کەسایەتییە کوردەکانمان کە وا هەست بە بوونی خۆیان بکەن لە
ناو ئەم کونگرەیەدا، هەست بە ڕەنگدانەوەی خۆیان بکەن لە ناو ئەو کۆمەڵگایەدا کە
هەیانە و ناوێکیان هەیە لە ناو کۆمەڵگاکەدا. زۆر سپاسیان ئەکەم، هەنگاوەکە زۆر
ئازایانەیە کە ئاوا لە شاری سنەی خۆشەویست دەستی پێ کردووە. ئەگەرچی لەمە پێشتر
چەند هەنگاوی تر نراوە بەڵام لە ئەم ئاستەدا نەبووە کە ئەیبینم. هەست ئەکەم نزیکەی
شەست ساڵ زیادترە کە لە ناو ئەم کۆمەڵگەدا ئەژیم، باوشم بۆ خۆشەویستی کردووەتەوە و
لەگەڵیدا ژیاوم. هیچ تەماعێکم نییە لە ناو کۆمەڵگای کوردەواری خۆماندا بۆ بوارەکەی
خۆم کە کاری هونەرییە، بۆ خزمەتی ئەم کۆمەڵگایە. دڵنیام لە بوارەکانی دیکەدا ئەو
کەسایەتییانە دەستنیشان کراون لە ئەو بوارەدا ئەسپی خۆیان سوار داوە و توانیویانە
بیگەنە ئاستێکی جوان کە وا ئێوە لێرەوە بە ئەم شێوە خوێندنەوەیان بۆ ئەکەن.
ئەگەر ئەکرێ لە سەر ئەوەی کە چۆن بانگهێشت کراون بۆ ئەم کونگرەیە و
چۆن بوو هاتنتان بفەرموون و تەنانەت ئەوەی کە پێشتر هاتوون بۆ سنە؟
ئەنوەر قەرەداغی: وەڵا من
پێشتر چەندین جار هاتووم بۆ سنە و جێگەی گرتووە بەڕاستی لە ناو ڕۆحی مندا، سەفەرم
بۆ زۆر وڵاتانی دونیا کردووە، بەڵام سنە جێگەیەکی زۆر تایبەتی هەیە لە ناو دڵی
مندا، لەمەو پێشیش مەجمووعەیەک هونەرمەند هاتن بۆ شاری سلێمانی کۆنسرتێکیان ساز
کرد و چتێکیان نا بە گوێچکەما کە ئەکرێ کونگرەیەکی وا جێبەجێ بکرێ، کە منیش
بەشدار بووم تێدا. ئەو کاتە من ئاوا ڕوون نەبوو لە لام، دوایی بە تەلەفون
چتەکانیان بۆ ڕوونکردمەوەو و وایان گوت کە وا من یەکێک لەو کەسانەم کە وا ئەو
ڕێزەم لێ ئەگرن. زۆر سپاسیان ئەکەم. هیوای تەمەن درێژیان بۆ ئەخوازم.
مامۆستا کونگرە لە ئەو پارچەکانی تری کوردستاندا چۆنە و
پێداویستییەکانی چیین؟
ئەنوەر قەرەداغی: بە
دڵنیایی ئەمە یەکەم هەنگاوە، زۆر شت هەیە کە ئینسان دەبێ بە وردی سەیری بکات، کەم
و کۆڕییەکان چییە، هەنگاوە باشەکان چییە، باش هەڵسەنگرێت و بۆ ساڵی داهاتوو ئەگەر
کرا زۆر لە ئاستێکی بەرزتر بگیردرێت و کەڵک لە ئەزموونەکانی کونگرەی یەکەم وەربگیررێت. بۆ ئەوەی وا جوانتر جێبەجێ بکرێت. بۆ نموونە ساڵێ لە سنە بکرێت، ساڵێ لە سلێمانی
ساڵێ لە پارچەکانی دیکە، بەڵام ئایا ئەکرێت ئەوە یان نە؟ سنە هەنگاوێکی جوانی نا
کە وا پێشەنگ بوو. بۆیە دەستخۆشییان لێ ئەکەم و ئافەرین بۆ ئەو کەسانەی کە
وا بە بیرۆکە هاتنە پێش، ئەوە خوێندنەوەی تاکی کوردە، کە دەمێکە
پێویستمان بە ئەم حاڵەتە هەیە، من دڵنێام کە ڕەنگدانەوەی باشی هەیە بە
تایبەت لە ناو کۆمەڵگای کوردی و ملەتانی جیهانەوە.
مامۆستا بیست و سێ ساڵ لەمەو پێش لە سنە کۆڕی فەرزانەگانی کورد بەڕێوە
چووە، بەڵام بە پێچەوانە ڕێز لە ئەو کەسانە گیرا کە کۆچی دواییان کردبوو، بە گشتی
دۆخی ڕێزلێنان لە ناودارن چۆن دەبینن؟
ئەنوەر قەرەداغی: من
بۆچوونی خۆمم هەیە بۆ ئەم بابەتە. یەکێ کە کۆچی دوایی کرد و ڕێزیان لێنا بە چی
ئەگات، ئەمە داب و نەریتێکە لە ناو کۆمەڵگای ئێمەدا کە دەڵێ فڵان کەس شاعرێکی
گەورە بووە، فڵان کەس نووسەرێکی گەورە بووە بە کەڵکی چی دێت، من
بۆچوونم وایە ئەم جۆرە ڕێزلێنانە و ئەم جۆرە کونگرانە لەگەڵ ئەو کەسانە بێت کە
ئێستە دەستیان دیارە لە بوارەکەی خۆیاندا لە ئیشەکەی خۆیاندا بۆ ئەووی هەست بە
هەنگاوەکانی خۆیان بکەن. من نزیکەی شەست ساڵە لە بواری موسیقدا کار ئەکەم
پێم خۆش بوو بزانم ڕەنگدانەوم چییە لە ناو کۆمەڵگادا؟ بە نەوعێک بۆچوونی خۆمم
هەبێت لەو چتانە لە چیدا سەرکەوتوو بم یان لە چیدا سەرکەوتوو نەبووم، لە جێگەیەک
من ئەخوێنرێتەوە بزانم ئەو هەنگاوانەی من ناومە هەنگاوێکی باش بووە، درووست بووە و
ئەزموونی خۆم تندوتۆڵتر بکەم بۆ ئەو نەوە تازەیە کە دێتە پێشەوە بێتە ڕێچکە و
ببێتە ڕەنگدانەوەی جوان.
کاریگەریی ئەم کونگرەیە لە ناو کۆمەڵگای کوریدا ئایا جگە لەوەی چەند
کۆنسێرتێک پێشکەش ئەکرێ و ڕێز لە ناوداران ئەگیردرێت و وەکوو میهرەجانێک بەڕێوە بچێ،
ئایا ئەتوانێ کاریگەریی مەعریفی هەبێت لەسەر ڕەوتی گەشەی هونەر و بیروهزریی
کۆمەڵگا کوردییەکان؟
ئەنوەر قەرەداغی: من لە
سەر تەفاسولی کونگرەکە ئاگادار نیم، بەڵام ئەگەر لە کونگرەیەکی وا مەسەلەن تەوەرێک
بڕواتە پێشەوە، تەوەرێک لە ئەو تەوەرانە ڕێزلێنانە، تەوەرێکیش لەو تەوەرانە
کە وەکوو چەن کۆنسرتێکە بۆ هونەرمەندە سەنگینەکان بە ڕاستی نەفعی گەنجەکان بکرێ بۆ
ئەوەی گەنجەکان بێن و ئەو جۆرە کۆنسێرتانە ببینن و ڕەنگدانەوەی هەبێت لە ناو
ناخیاندا. ئەمە زۆر شتێکی باشە لە لای من. لەگەڵ ئەمەیشدا دەبێ تەوەر و بیرێک ساز
بێت نەک هەرا و دەمەتەقە بێت. چون من چەند جارێک کۆڕم کردووە، لە تورکیا
کۆڕم کردووە لە لای خۆمان کۆڕم کردووە، زۆر جێگا حەتا لە دەرەوە لە ئورووپا.
کۆڕەکان زیادتر دەمەتەقێ جەماعی بووە کە پێکەوە قسەمان کردووە و کە دوایی ئەنجامی
نەبووە، ئەمە ئەنجامی هەبێت باشە، ئەم ئەنجامە چییە؟ لە بواری مۆسیقادا
ئەڵێم، لە بواری وەرزشدا ئەڵێم، لە بواری ئەدبیاتدا ئەڵێم، ئەو بوارانەی کە
وا دەستنێشان کراوە، چی کراوە باشە و بۆ ساڵی داهاتوو چی بکرێت و ڕەنگدانەوەی
ئەمە چی بێت؟ ئایا لە ئەمە سوود هەیە بۆ گەنجی تازە و بتوانن هەنگاوی بۆ بنێن؟
ئەمە زۆر گرنگە لای من، نە ئەوەی کە کونگرە بکرێت و لەوێ ئعلامییەک بێت و
بەڵام لە دواییدا بێئەنجام بێت. ئەو ئەنجامە چۆنە؟ کونگرەکە با کەسانێکێ پسپۆڕ لە
ئەو بابەتانە پێشنیاری بکەن.
ڕێزلێنان لە ناودارانی کورد لە باشووردا لاوازتر نییە؟
ئەنوەر قەرەداغی: لەوێ
زرووفێک هەیە ئەو زرووفە نەختێک پرت و بڵاوی درووست کردووە بەڕاستی، یەعنی زۆر کەس
غەدری لێ ئەکرێت، زۆر کەس ئەهێنتە پێشەوە کە جێگەی خۆی نییە. ئەو ڕێزلێنانی
ئەوێمە زۆر پێ خۆش نییە. ئاکامی نییە. ئەوەی کە من لە ڕێزلێنان دیومە چییە؟
کۆکردنەوەی ئەندامی کارکردن و هیلاکی ئەو کەسەیە لە ناو ژیانی خۆیدا لە ئەو
بوارەدا چی کردووە، بەقەدەر حەجمی ئەوە ڕێزی بگیردرێت لە ڕووی ژیانییەوە لە ڕووی
مەعریفەتییەوە، لە ڕووی گوزەرانییەوە، جگە لە ڕووی مەعنەوی با ڕووی مادیشی هەبێت
کە بتوانێ هەست بە خۆی بکات کە وا ئەمیشە کردووە موقابیلەیەکی جوانە بۆ ئامادە
کردن و پێشکەشیەکم، ئەمە لە دونیادا وایە، بەڵام لای ئێمە هەر دەڵێن
دەستت خۆش بێ، دواییش سەیارەیەک نییە بتگەیەنێت بە ماڵەوە بەکەڵکی چی دێت
.لای ئێمە ئەکرێ هەندێک جار بەڵام ڕەنگی حیزبایەتی پێوە دیارە بە داخەوە، ئەگەر ئەوە لاچێت و وەزارەتی ڕۆشنبیری ئێمە ئەکتیڤ بێت لەو بڕوایەدام زۆر شت هەیە
بکرێت. بەڵام بە داخەوە هیچ عەمەڵێکی تێدا نابینم تا ئێستا من.
…………..
وت و وێژ: ئێحسان میرەکی
..........