یەکەم رۆژی نەورۆزی ئەمساڵ بۆ کورد بە گشتی و کوردانی بریتانیا بەتایبەت جیاواز دەبێت، ئەوان ئەمساڵ لە سەرژمێری گشتی وڵاتەکەدا جیاواز لە ساڵانی رابردو شوناسی نەتەوایەتی خۆیان تۆماردەکەن، بەوەش لەمەولا کورد دەتوانێت ژمارەی خۆی لەو وڵاتەدا بزانێت و قورسایی خۆشی لە بریتانیا بەدەربخەن و لەکایەی سیاسی و کلتوری و کۆمەڵایەتیدا رۆڵی زیاتر بگێڕن.
یەکەم رۆژی نەورۆزی ئەمساڵ بۆ کورد بە گشتی و کوردانی بریتانیا بەتایبەت جیاواز دەبێت، ئەوان ئەمساڵ لە سەرژمێری گشتی وڵاتەکەدا جیاواز لە ساڵانی رابردو شوناسی نەتەوایەتی خۆیان تۆماردەکەن، بەوەش لەمەولا کورد دەتوانێت ژمارەی خۆی لەو وڵاتەدا بزانێت و قورسایی خۆشی لە بریتانیا بەدەربخەن و لەکایەی سیاسی و کلتوری و کۆمەڵایەتیدا رۆڵی زیاتر بگێڕن.
لە هەمو وڵاتانی ئەوروپا کە کوردێکی زۆر هەن وەکو عێراقی، ئێران، تورکی و سوری تۆمارکراوە
د. ئیبراهیم مەلا زادە، توێژەری میوان لە زانکۆی کۆڤەنتری و مامۆستا لەزانکۆی سۆران هاوکات ئەندامی دەستەی خۆبەخشانی کورد و سەرژمێری بریتانیا 2021 بە خەندان-ی راگەیاند، لە ساڵی 1801ەوە هەمو 10 ساڵ جارێک سەرژمێری لە وڵاتی بریتانیا کراوە، تەنها لە ساڵی 1941 بەهۆی جەنگی جیهانی دوەمەوە ئەو سەرژمێریە نەکراوە، بەداخەوە لە هەمو وڵاتانی ئەوروپا کە کوردێکی زۆر هەن وەکو عێراقی، ئێران، تورکی و سوری تۆمارکراوە چونکە سروشتی فۆڕمەکە بەو جۆرەیە و دەیانەوێت بزانن باگراوەندیان دەگەڕێتەوە بۆچی وڵاتێک، بەڵام ماوەیەکە بریتانیا ناوی کورد و زمانی کوردی خستوەتە ناو ئەو فۆڕمە و بەو بۆنەیەوە کە 21-3-2021 بەڕێوەدەچێت هەڵمەتێکیان بەناو دەستەی کورد و سەرژمێری بریتایا 2021 دەستپێکردوە.ئامانجی دروستکردنی دەستەکە ئەوەیە تاوەکو یارمەتی کوردانی بریتانیا بدەن کە ناوی خۆیان تۆماربکەن
ئاماژەی بەوەشکرد، ئامانجی دروستکردنی دەستەکە ئەوەیە تاوەکو یارمەتی کوردانی بریتانیا بدەن کە ناوی خۆیان تۆماربکەن، بۆ ئەوەی بتوانن قورسایی خۆیان لە بریتانیا بەدەربخەن، ئەم قورساییەش گرنگی خۆی دەبێت لەسەر ئاستی سیاسی و کلتوری و ئابوری و پێشوازییەکی زۆر لەو هەڵمەتە کراوە.
لە سەرژمێری 10 ساڵ بەر لە ئێستادا لە بریتانیا ئەو شێوازەی تێدابوە بەڵام کورد ئاگاداری نەبوە و نەیانزانیوە وەکو کورد و کوردزمان خۆیان تۆماربکەن
د. ئیبراهیم مەلا زادە باسی لەوەشکرد، لە سەرژمێری 10 ساڵ بەر لە ئێستادا لە بریتانیا ئەو شێوازەی تێدابوە بەڵام کورد ئاگاداری نەبوە و نەیانزانیوە وەکو کورد و کوردزمان خۆیان تۆماربکەن، هەروەها خەڵکێکی زۆر هەن کە کوردی سوریا و عێراق و تورکیان و بەگرنگیان نەزانیوە ئەوەش بەهۆی ئەوەی بەگشتی کورد لە لۆبیکردن و رێکخراوەیی لاوازە، ئێستا وردە وردە هەوڵدەدەن کە هەندێک شت بکەن و وەکو پێکهاتەیەک و کەمینەیەک لە ئەوروپا خۆیان پیشانبدەن.
لەبارەی ئەوەی ئایا بریتانیا یەکەم وڵاتە کە لە سەرژمێریەکەیدا ئەو هەنگاوەی نابێت، د. ئیبراهیم مەلا زادە وتی، "من نەمزانیوە وڵاتێک تر هەبێت ئەو هەنگاوەی نابێت، ئەو فۆڕمە بۆ هەمو ماڵەکان دەچێت و بە ئۆنلاینیش هەیە و ناچاریە و هەرکەسێک نەیکات هەزار پاوەند سزا دەدرێت".
هەمو پێکهاتەیەک لە هەر وڵاتێکدا کە کەمینە بێت قورسایی ئەو کەمینەیە گرنگە، بەتایبەتی لە روی سیاسی
بەبڕوای د. ئیبراهیم مەلا زادە، هەمو پێکهاتەیەک لە هەر وڵاتێکدا کە کەمینە بێت قورسایی ئەو کەمینەیە گرنگە، بەتایبەتی لە روی سیاسی، بۆنمونە ئەگەر ژمارەی کورد کاریگەری لەسەر هەڵبژاردنەکانی هەبێت، ئەوا حزبە سیاسیەکانی ئەو وڵاتە پێگەیەکی تایبەت بۆ ئەو پێکهاتەیە دادەنێن، ئەوکات ئاسانتر کوردێک دەتوانێت خۆی کاندید بکات، چونکە دەزانرێت سەنگی کورد چۆنە و خەڵکی کورد دەنگی پێدەدات، هاوکات لەروی کلتورییەوە گرنگە، کورد بیەوێت هەرکارێک بکات سوی دەبێت و دەکرێت کورد سود لەو قورساییەی خۆی ببینێت، داوا لە کورد دەکەن بەشداری بکەن و رۆڵی خۆیان ببینن.
زۆر گرنگە جۆرێک لە هۆشیاری لای کوردانی ئەوروپا و ئەمریکا هەبێت لەکاتێکدا ئەگەر پرسیار کرا لەبارەی ناسنامەی نەتەوەیی وەکو کورد خۆیان تۆماربکەن
لایخۆیەوە ئەنوەر سوڵتانی، ئەندامی دەستەی خۆبەخشانی کورد و سەرژمێری بریتانیا بە خەندان-ی راگەیاند، "زۆر گرنگە جۆرێک لە هۆشیاری لای کوردانی ئەوروپا و ئەمریکا هەبێت لەکاتێکدا ئەگەر پرسیار کرا لەبارەی ناسنامەی نەتەوەیی، ئێمە هەمیشە زوڵممان لێکراوە و لەگەڵ میللەتانی دیکەدا دانراوین بە حسابی ئەوان دانراوین، بەڵکو ئەمساڵ کوردان وەکو هەن خۆیان تۆماربکەن، داوای ئەوە نەکراوە لە هیچ کەس ناڕاستییەک بڵێت بەڵکو کوردیت بڵێ کوردم، لە پرسیارنامەکەدا کە پڕمکردوەتەوە بڕیارێکی تایبەت نیە کە بۆ کورد بێت تەنیا ئەوەیە دەپرسن تۆ خەڵکی کام وڵاتیت و قەومیەتت چیە، لەوەدا هەندێک شوێنیان داناوە لە یەکێکیاندا نوسراوە عەرەب، لە خوارتر کە عەرەب نەبویت کورد هەڵدەبژێرێت، حکومەتی بریتانیا ئەزمونی ساڵانێکی زۆری پەنابەری هەیەو دەزانێت لێرە پەنابەرێکی زۆر کورد هەن، یەکێک لەو قەومیەتانەی کە نوسیویەتی کوردە و بۆ کارئاسانی خۆیانە، لە ئەنجامدا کارێکی باشیان کردوە".
ئەوەشی خستەڕو، بەرنامەی سەرژمێری لە بریتانیا دەگەڕێتەوە بۆ ئەوکاتەی کە لە چوارچێوەی یەکێتی ئەوروپادا بو، بۆیە "من لاموایە لە چوارچێوەی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا هەستکراوە کە کورد هەیە و واقعێکە، لە ئەنجامدا دەبێت لەوێ هەبێت، ئەگەرنەبێت ئەوکات ئەوکەسانەی کە فۆڕمەکە پڕدەکەنەوە قەرەبوی بکەنەوە، بەڵام بە ئەگەری زۆر لە وڵاتانی دیکەی ئەوروپا دەبێت".
بەبۆچونی ئەنوەر سوڵتانی، ئەگەر کوردانی بریتانیا بەشداری ئەو سەرژمێریە بکات ئەوا رۆڵی گەورەی دەبێت لە دروستکردنی پێگەیەک بۆ کورد لەو وڵاتە، کە پێشتر بەناوی عەرەب، یان تورک و فارس تۆمارکراون، بەڵام "ئێمە دژایەتی هیچ میللەت و وڵاتێک ناکەین، ئێمە هەوڵەکەمان بۆ خۆمانە و ئەو سەرژمێریە واقعێک بە حکومەتی بریتانیا دەگەیەنێت".