نووسەری کتێبی " ناسیننامەی شێرکۆ بێکەس" کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوو خرایە بەر دەستی هۆگرانەوە، شێرکۆ بێکەس بە شەرافەتی شێعری کوردی وەسف دەکات.
ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی فەرهەنگ و ئەدەب: کتێبی ناسیننامەی شێرکۆ بێکەس نووسراوی ئومێد وەرزەندە، وەرگێڕ، نووسەر و سەرۆکی ناوەندی کوردستان ناسی زانکۆی ئازادی سنە، لە ڕۆژانی سەرەتایی هاوینی ئەمساڵ لە 583 پەڕەدا لەلایەن بڵاوگەی نیگاوە هاتە بازاڕی کتێبەوە و خرایە بەردەستی هۆگرانەوە.
ئومێد وەرزەندە نووسەری ئەو بەرهەمە لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی کتێبی ئێران ڕایگەیاند کە شێرکۆ بێکەس تەنیا شاعێری کوردە کە پەلی شێعری کوردی بەرەو ئەو دیوی سنوورەکان ڕاکێشا و توانی سنوورە جوگرافیاییەکان بشکێنێت و دەنگی ستەملێکراوی و ڕەنجەکانی گەلی کورد بگەیێنێتە گوێی جیهان.
ئەو وەرگێڕ و نووسەرە کوردە بە ئاماژە بە وەرگێڕانی شێعرەکانی شێرکۆ بێکەس بە زمانە جیاوازەکانی جیهان و پێگەی ئەو شاعێرە بەناوبانگە وتی: شێرکۆ بێکەس شەرافەتی شێعری کوردییە.
وەرزەندە بە وتنی ئەوەی کە شێعری شێرکۆ بێکەس ساڵەهایە لە ئێران بەردەنگی تایبەتی خۆی هەیە، وتی: دۆستایەتی شێرکۆ بێکەس لەگەڵ ئەحمەد شاملوو و سەید عەلی ساڵحی و سەفەری ئەو شاعێرە ناودارە کوردە لە دەیەکانی 70 بۆ ئێران و پێشوازی بەربڵاوی فارس زمانەکان لە شێعرەکانی، بووە هۆی خۆشەویستیی زیاتری ناوبراو لە ئێران.
ناوبراو شێرکۆی شاعێرێکی سەرکێش وەسف کرد و لە شرۆڤەی زیاتردا وتی: سەرکێش بوونی لە هۆنینەوەی شێعر و نیشاندانی سەرکێشی لە شێعرەکانی شێرکۆ، دروست کردنی وێنەیەک لە خەیاڵەکانی و گەنجینەی پڕ لە وشەکانی لە ئەو شێعرانە، توانی شێرکۆ لە هاوبەرەییەکانی خۆی جیاواز بکاتەوە و ئەوەش بووەتە هۆی هێزی خەیاڵاویی سەرکێش و بێ سنووری ناوبراو و هەروەها زاڵ بوونی بە سەر زمان و وشەکان.
سەرۆکی ناوەندی کوردستانناسی زانکۆی ئازادی سنە درێژەی دا: شێرکۆ بێکەش بێ گومان کاریگەرترین شاعێری کوردە؛ لەوانەیە هیچ کردەوەیەکی سیاسی نەیتوانیوە بە قەد شێعرەکانی شێرکۆ بێکەس کارەساتی هەڵەبجە و ئەنفال و کۆمەڵکوژی کوردەکان بەدەستی ڕژێمی بەعس بە جیهان نیشان بدات و بە شێعر و وێژە دەنگی ستەملێکراوی کوردەکان بگەیێنێتە گوێی جیهان.
وەرزەندە، نوێخوازی لە شێعر و فۆرمی نوێی شێعری شێرکۆی هۆی جیاوازی ئەو شاعێرە ناودارە هێنایە ئەژمار و زیادی کرد: گێڕانەوەی ڕووداوەکان لە شێعری شێرکۆ پڕە لە نۆستالۆژی، نیشتمان، ئاشتی، مرۆڤدۆستی و دەنگی ستەملێکراویی و ئازادی.
ناوبراو بە وتنی ئەوەی کە شێرکۆ بێکەس 15 هەزار پەڕە شێعری هەیە و بەردەوام لە حاڵی نوێ کردنەوەی شێعردا بوو، زیادی کرد: کتێبی " ناسیننامەی شێرکۆ بێکەس" هەوڵێکە بۆ ناساندن و شرۆڤەی جیهانی پڕ لە وشە و وێنەی شێرکۆ بێکەس هەم لە زمانی خۆیەوە و هەم لە زمانی کەسانی دیکەوە کە بریتین لە وێنەیەکی تەواو لە ژیان، ئاسەوار و حاڵەتەکان و شێعری شێرکۆ لە قەبارەت یادداشت، وتاری لێکۆڵینەوەیی، نامەکان، وێنە نەبینراوەکان، گفتوگۆ و ... تا ڕازی مانەوە و هێزی شێعری ناوبراو بدۆزرێتەوە.
ئەو نووسەرە کوردە هەروەها وتیشی: بۆ نووسینی ئەو کتێبە بە بۆنەی هەستیار بوونی بابەتەکە و تەواو بوونی و کۆ کردنەوەی وتار، وتووێژەکان، وێنەکان و ... نزیک بە یەکساڵ هەوڵ دراوە و پێ خۆشحاڵم کە کتێبی ناسیننامەی شێرکۆ بێکەس دەتوانێت سەرچاوەیەک بێت بۆ کەسانێ کە دەیانەوێت لەسەر شێرکۆ و پێگەی شێعری ناوبراو لە جیهان لێکۆڵینەوە بکەن.
وەرزەندە هەروەها لە گێڕانەوەی ڕستەیەکی بورێخس کە دەڵێت: "پێم وایە کە بەهەشت شوێنێک هاوشێوەی کتێبخانەیە"، وتی: نووسین بۆ من وەکوو زیاد کردنی کتێبێک بە بەهەشتی بورێخسە.
ناوبراو سەبارەت بە بەرهەمەکانیشی وتی: " پێدەچێت گیرفانەکان پڕ بێت لە بەفر" یەکەم کتێبی لە چاپ دراومە لە بواری وەرگێڕان. ساڵی 1377 بژاردەی سێ دەفتەری شێعری کوردی شاعیر و چیرۆکنووسی کوردی هەرێم، "بەڕۆژە ئاکرێی "م بە فارسی وەر گێڕایەوە. وەرگێڕانی شێعری ئەو دۆستە نازدارەم، دەسپێکی کاری جیدی و تەکنیکی من لە بواری وەرگێڕان بوو.
هەروەها وتیشی: ساڵی 1380 کتێبێک لە ژێرناوی " شێعری ئینگلیزی" کە وەرگێڕانی شێعری سەدەی بیستەمی بریتانیا و ئەمریکا بوو، بە شێوەی هاوبەش بڵاو کرایەوە. ئەو بەرهەمە کتێبێکی دوو زمانە و شێعری بەناوبانگترین شاعێرەکانی سەدەی بیستەمی بریتانیا و ئەمریکای تێدا هێنرابوو. ئەو کتێبە لە ڕاستیدا وەرگێڕانی شێعری ئینگلیزی بە کوردی بوو.
ناسیننامەی ئیبراهیم یوونسی کتێبێکی دیکەیە کە لە ساڵی 1397 بە شێوەی هاوبەش لەگەڵ بەڕێز شوجاع نەی نەوا نووسیمان و لە لایەن بڵاوگەی نیگاوە لە چاپ درا و بڵاو کرایەوە.
دوو کۆمەڵە شانۆ نامەی کوردیش لە ژێر ناوی " ڕۆژ ژمێری شارێک" لەلایەن منەوە کۆ کراوەتەوە کە لە ساڵی 1396 لە چاپ درا و بڵاو کرایەوە.
هەروەها پێش لە بڵاو کردنەوەی ناسیننامەی شێرکۆ بێکەش، کتێبێکی دیکەم لە ژێرناوی ڕۆژ ژمێری دانایی وەرگێڕدراوی دوایین بەرهەمی لیۆ تۆلستۆی کە بریتیە لە یادداشتە ڕۆژانەکانی تۆلستۆی لە قسەی فەیلەسووف و بیرمەندانی هەموو سەردەمەکان لە ڕوانگەی خۆی نووسی کە لە زستانی ساڵی 1399 لە بڵاوگەی نیگا چاپ کرا و خرایە بەر دەستی هۆگرانی کتێب و خوێندنەوەی کتێبەوە.